لە سەرەتادا بەر لەوەیکە ڕۆژووی ڕەمەزان واجب بێت، پێغەمبەر (د.خ) ڕۆژی عاشووڕا بەڕۆژوو دەبوو. کاتێک دەچێتە ناو شاری مەدینە و دەبینێت کە جووەکان لە ڕۆژی عاشووڕادا بەڕۆژوونه، پێغەمبەر (د.خ) پرسیاریان لێ دەکات:{ما هذا الیوم الذي تصومونه؟} ئەم ڕۆژەی کە تێیدا بەڕۆژوو بوونه چ ڕۆژێکە؟ لە وەڵامدا کوتیان: ڕۆژێکی گەورەیە و لەم ڕۆژەدا خوا مووسا (د.خ) و گەلەکەی ڕزگار کردووه و فیرعەون و گەلەکەی نوقم کردووه و مووسا (د.خ) بۆ شوکرانەبژێری لەم ڕۆژەدا بەڕۆژوو دەبوو، ئێمەش تێیدا بەڕۆژوو دەبین. پێغەمبەر (د.خ) فەرمووی:{فنحن أحق و أولی بموسی منکم} ئێمە دەرهەق بە مووسا (د.خ) لە ئێوە شیاوتر و نزیکترین. بەم هۆیەوە پێغەمبەر (د.خ) لەم ڕۆژەدا بەڕۆژوو بوو و فەرمانی دا تێیدا بەڕۆژوو بن. {متفق علیه}
هێندێک لە زانایان دەفەرموون: ڕۆژووی عاشووڕا واجبە و له "صحیحین"دا له "ربیع بن معوذ" گێڕدراوەتەوە کە: حەزرەتی ڕەسوول (د.خ) بەرەبەیانی ڕۆژی عاشووڕا، نامەبەری بۆ گەڕەکەکانی ئەنسار لە دەورووبەری مەدینە نارد و فەرمووی:{مَن کان أصبح صائماً فلیتم صومه و مَن کان أصبح مفطرا، فلیتم بقیة یومه.} هەر کەسێک بە بەڕۆژوویی بەیانی کردۆتەوە، با ڕۆژووەکەی تەواو بکات و هەر کەسێک بەڕۆژوو نەبووه با ئەم ماوەیەی کە لە ڕۆژەکەی ماوەتەوە هیچ نەخوات، دوای ئەم فەرمانەی پێغەمبەر (د.خ) لەم ڕۆژەدا بەڕۆژوو دەبووین و هێندێک لە منداڵە بچووکەکانیشمان بەڕۆژوو دەکرد و دەچووینە مزگەوت، قومارکەیەکمان لە خوریی ڕەنگاوڕەنگ بۆ دروست دەکردن، ئەگەر یەکێکیان گریابا و خواردەمەنی ویستبا، قومارکەیەکەمان وێدەدا تاکوو بخافڵێت، تا کاتی بەربانگێ دەهات. {متفق علیه}
کاتێک ڕۆژووی ڕەمەزان واجب کرا، ڕۆژووی عاشووڕا وەک سوننەتێک ماوە و هەر کەسێک ویستبای تێیدا بەڕۆژوو دەبوو و هەر کەسێک نەیویستبا بەڕۆژوو نەدەبوو. {متفق علیه، حدیث عائشة}
لە سەرەتادا ڕۆژووی ڕەمەزانیش خوازەکی بوو، تا ئەوکاتەی کە ئایەتی سەد و هەشتا و پێنجی سووڕەتی بەقەڕە دابەزی:{فَمَنْ شَهِدَ مِنْکُمُ الشَّهْرَ فَلیَصُمْهُ} هەر کەس لە ئێوە گەیشتە ئەم مانگە با تێیدا بەڕۆژوو بێت. ئەم ئایەتە ڕۆژووی مانگی ڕەمەزانێی وەئەستۆی خەڵک خست. {متفق علیه، حدیث سلمة بن أکوع}
بەڵام بۆ کەسێکی کە شەو دەخەوت، ئیتر ڕەوا نەبوو هیچ شتێک بخوات ئەگەر لە خەو هەستابا.
"بخاری" لە "براء" دەگێڕێتەوە کە: ئەگەر لە یارانی پێغەمبەر (د.خ) کەسێک بەڕۆژوو دەبوو و کاتی بەربانگێ دەهات و پێش ڕۆژووشکاندن خەوی لێ کەوتبا، شەو و ڕۆژی دواتر هیچی نەدەخوارد تاکوو سەرلەنوێ کاتی بەربانگ دەهاتەوە، "قیس بن صرمة الأنصاری" بەڕۆژوو بوو، کاتی بەربانگ چووە لای هاوسەرەکەی و لێی پرسی: ئایا چێشتی لێنراوت هەیە؟ هاوسەرەکەی لە وەڵامدا کوتی: نەخێر بەڵام بۆت ئامادە دەکەم، قەیس ئەو ڕۆژی کاری کردبوو و ماندوو بوو، خەو بەسەریدا زاڵ بوو، کاتێک هاوسەرەکەی هات و دیتی کە خەوی لێ کهوتووه، کوتی: داخ و پەژارە بۆ تۆ! (بەهۆی ئەوەیکە ئیتر نەیدەتوانی هیچ شتێک بخوات تا بەربانگی سبەینێ.) کاتێک سبەینێ بە نیوە گەیشت، لەبەر برسیەتیی زۆر تووشی بێ حاڵی و بێ هێزی بوو، پێشهاتەکەیان بۆ پێغەمبەر (د.خ) گێڕاوە و ئەم ئایەتە دابەزی:{أُحِلَّ لَکُمْ لَیْلَةَ الصِّیَامِ الرَّفَثُ إلَی نِسَائِکُمْ} "بهقهڕه، ١٨٧"، بەم ئایەتە زۆر دڵخۆش بوون و دابەزی کە:{وَکُلُوا واشْرَبُوا حَتَّی یَتَبَیَّنَ لَکُم الخَیْطُ الأَبْیَضُ مِنَ الخَیْطِ الأَسْوَدِ} "بهقەڕە،١٨٧"
پێغەمبەری خوا (د.خ) نۆ ڕەمەزان بەڕۆژوو بوو کە یەکەمینیان ساڵی دووی کۆچی بوو، ئهو ساڵەی کە ڕۆژووی تێدا واجب کرا.
خۆشەویست (د.خ) لەم مانگەدا ئێکجار زۆر خواپەرەستی و بەندایەتی دەکرد و تەنانەت هەندێ جار ڕۆژووی دوو یان سێ ڕۆژانیشی پێکهوه دەلکاند، کاتێک یارانی پێغەمبەر (د.خ) وەهایان کرد، خۆشەویست (د.خ) قەدەغەی کردن و فەرمووی:{إنی لست کهیئتکم، إنی یطعمنی ربی و یسقینی، متفق علیه، حدیث أبوهریرة} من وەک ئێوە نیم، خوا خواردەمەنیم دەداتێ و تێر ئاوم دەکا. ئیمام ئیبنوقەییم لە کتێبی [زاد المعاد] لەمەڕ ئەم فەرموودەیە بەدوورودرێژی قسەی کردووه و واتایەکەی بەجوانی شی کردۆتەوە، بۆ زانیاری زیاتر دەتوانن سەردانی ئەم کتێبە بکەن.
پێغەمبەر (د.خ) لە مانگی ڕەمەزاندا زۆری قوڕئان دەخوێندەوە، لە بەربانگکردنەوەدا پەلەی دەکرد و پارشێوکردنی وەدوایە دەخست، پێش خوێندنی نوێژی شێوان ڕۆژووەکەی دەشکاند و لەنێوان خواردنی پارشێو و نوێژی بەیانیی پێغەمبەر (د.خ) مەودایەکی کەم هەبوو.{متفق علیه، حدیث أنس بن مالک}
پێغەمبەر (د.خ) چەند سەفەری لە مانگی ڕەمەزاندا هەبوون، وهک: شەڕی بەدر و گرتنەوەی مەککە. هەندێ جار لە سەفەر بەڕۆژوو بوو و هەندێ جاریش ڕۆژووەکەی دەشکاند.
لە "صحیح مسلم"دا له "أبی الدرداء" گێڕدراوەتەوە کە فەرمووی: ڕۆژێکی زۆر گەرم لە سەفەردا بووین، لە نێوان ئێمە تەنیا ڕەسوولوڵڵا (د.خ) و عەبدوڵڵای کوڕی ڕەواحە بەڕۆژوو بوون. {متفق علیه}
له "سنن"دا لە "ابن عباس" گێڕدراوەتەوە کە: پێغەمبەر (د.خ) لە "أيام البیض"دا له سهفهر یان لە ماڵەوه ڕۆژووی خۆی نەدەشکاند.
لە "صحیح مسلم"دا هاتووه کە پێغەمبەر (د.خ) لە ساڵی گرتنەوەی مەککە و له مانگی ڕەمەزاندا وەڕێ کەوت و تا گهیشته "کراع الغمیم" بەڕۆژوو بوو و یارانیشی بەڕۆژوو بوون، پاشان پەرداخێک ئاوی هەڵگرت، تاکوو خەڵک ببینن و خواردییەوە، دواتر پێیان ڕاگەیاند کە هێندێک لە خەڵکی ڕۆژووەکەیان نەشکاند، فەرمووی: {أولئک العصاة، أولئک العصاة} ئەوان نافەرمانن، ئەوان نافەرمانن.
بەخشەندەیی و جوامێریی پێغەمبەر (د.خ) لەم مانگەدا زیاتر دەبوو.
ئەم بڕیارە شەرعییەی کە لە ڕەوشتی پێغەمبەرهوه (د.خ) زاندراوه، ئەوەیە کە بەیانیدا هات، لە حاڵێکدا خۆشەویست (د.خ) له جەنابەتدا بوو، ئینجا غوسڵی کرد و ههر بەڕۆژووش بوو. {متفق علیه، حدیث عائشة و أم سلمة}
نووسەر: دکتۆر سەلمان
وەرگێڕ لە عەڕەبییەوه بۆ فارسی: عەبدوڵڵاهـ سەعیدی
وەرگێڕ لە فارسییەوە بۆ کوردی: مائیدە بایزیدی
بۆچوونهکان